ئەحمەد کانى :"ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان بەرهەمى خوێنى شەهیدەکانمانن

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

لە بەسەرکردنەوەى خانەوادەى شەهیدانى شەڕى دژ بە داعش،ئەحمەد کانى گوتى:"ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان،بەرهەمى خوێنى شەهیدەکانمانن.
بۆ ئاگادار بوون لە ژیان و گوزەران و گوێگرتن لە کێشەو گرفت و داواکانى خانەوادەى شەهیدان،ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە یاوەرى شاندێک کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە محەمەد خەلیل و عزەت جەعفەر کارگێڕانى لق و هەڤاڵانى ستافى لیژنە ناوچەى ڕزگارى سەر بە لقى دوو و بەرپرسى ڕێکخراوەکانى سەر بە لیژنە ناوچە،بەپێى ئەو بەرنامەیەى لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و بەر لە جەژنى ڕەمەزان داڕێژراوە بۆ لایى لێکردنەوەیان،سەردانى خانەوادەى شەهیدانى سەربەرزى شەڕى دژ بە داعشى لە شارى هەولێر کرد.
لەو سەردانەدا بەرپرسى لقى دوو لە ژیان و گوزەرانى خانەوادەى شەهیدەکانى پرسى و جەختی لەوە کردەوە کە هەرچى بۆ خانەوادەى شەهیدان بکرێت هێشتا هەر کەمە،چونکە بەرهەمى خوێنى ئەوان ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان بوو کە چەندین ساڵە گەلى کورد خەباتى بێ پچڕانى بۆ دەکات،بەرپرسى لقى دوو گوتیشى": دڵۆپە خوێنێکى ئەو شەهیدانە بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە،لەگەڵ ئەوەى بەرگرى کردن لە خاک و نیشتیمان ئەرکێکى نیشتیمانى و نەتەوەیى و ئایینى و ئەخلاقی هەر تاکێکى ئەو کوردستانەیە.
ئەحمەد کانى ڕۆڵى نیشتیمانپەروەرانەى پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستانى بە پیرۆز وەسفکرد لە پاراستنى خاکى پیرۆزى کوردستان و ئارامى و ئاسایشى هاوڵاتیانى،جەختى لەوە کردەوە کە ئەوان بەخوێنى خۆیان بوونە هۆکارى بەردەوامى و پاراستنى ئەو ئەزموونەى لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 26 ساڵە کار بۆ بنیاتنانى دەکرێت.
لە لایەکى دیکەى ئەو سەردانانەدا ئەحمەد کانى دڵخۆشى خۆى بەوە دەربڕى کە منداڵى شەهیدانى شەڕى دژ بە داعش خراونەتە بەر خوێندن و قوتابخانەى باش،ئومێدى ئەوەى خواست کە بتوانن بە زانست و زانیاریەى فێرى دەبن درێژە بەو خەبات و تێکۆشانەى باوکیان بدەن کە لەپێناو خاک و نیشتیمانەکەیان گیانى خۆیان بەخشى و داواى لێکردن شوێنى باوکى شەهیدیان بۆ خانەوادەکانیان پڕ بکەنەوە،هانیشیدان بەو زانست و زانیاریەى فێرى دەبن وڵات ئاوا بکەن و لە دوژمنانى بیپارێزن.
هاوکات بەرپرسى لقى دوو بۆ خانەوادەى شەهیدان جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەسەرکردنەوەى ئەوان لە پێشینەى کار و خزمەتەکانى لقى دوو دایە و بەردەوامى بەو سەردان و بەسەرکردنەوانەش دەدەن.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن