ئەحمەد کانى بۆ خانەوادەى شەهیدان:"هیچ خەڵاتێک ناکاتە دڵۆپە خوێنێکى شەهیدانى ئێوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

بۆ ئاگادار بوون لە ژیان و گوزەران و گوێگرتن لە کێشەو گرفت و داواکانى خانەوادەى شەهیدان،ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە یاوەرى شاندێک کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ئارى نانەکەلى و ئاریان سەڵاحەدین کارگێڕانى لق و مامۆستا فەیسەل بەرپرسى لیژنە ناوچەى منارەى سەر بە لقى دوو و ستافى لیژنە ناوچەو ڕێکخراوەکان،بەپێى ئەو بەرنامەیەى داڕێژراوە بۆ لایى لێکردنەوەیان،سەردانى بنەماڵەى شەهیدانى سەربەرزى شەڕى دژ بە داعشى لە شارى هەولێر کرد.
لەو سەردانەدا بەرپرسى لقى دوو لە ژیان و گوزەرانى خانەوادەى شەهیدەکانى پرسى بەتایبەت ئەو منداڵانەى لەبەر خوێندنن،تەئکیدیشى لەوە کردەوە کە هەرچى بۆ خانەوادەى شەهیدان بکرێت هێشتا هەر کەمە و گوتى:"دڵۆپە خوێنێکى ئەو شەهیدانە بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە لەگەڵ ئەوەى بەرگرى کردن لە خاک و نیشتیمان ئەرکێکى نیشتیمانى و نەتەوەیى و ئایینى و ئەخلاقى و مرۆیى هەر تاکێکى ئەو کوردستانەیە.
بەرپرسى لقى دوو باسى ڕۆڵى نیشتیمانپەروەرانەى پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستانى کرد لە پاراستنى خاکى پیرۆزى کوردستان و ئارامى و ئاسایشى هاوڵاتیانى،جەختى لەوە کردەوە کە ئەوان بەخوێنى خۆیان بوونە هۆکارى بەردەوامى و پاراستنى ئەو ئەزموونەى چەندین ساڵە کورد خەباتى بێ پچڕانى بۆ دەکات.
لە لایەکى دیکەى ئەو سەردانانەدا ئەحمەد کانى دڵخۆشى خۆى بەوە دەربڕى کە منداڵى شەهیدانى شەڕى دژ بە داعش خراونەتە بەر خوێندن و قوتابخانەى باش،ئومێدى ئەوەى خواست کە بتوانن بە زانست و زانیارى و فێربوون درێژەپێدەرى ئەو خەبات و تێکۆشانەى باوکیان بن کە لەپێناو خاک و نیشتیمانەکەیان گیانى خۆیان بەخشى و شوێنى باوکى شەهیدیان بۆ خانەوادەکانیان پڕ بکەنەوە،هانیشیدان بەو زانست و زانیاریەى فێرى دەبن وڵات ئاوا بکەن و لە دوژمنانى بیپارێزن.
هاوکات بەرپرسى لقى دوو بۆ خانەوادەى شەهیدان جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەسەرکردنەوەى ئەوان لە پێشینەى کار و خزمەتەکانى لقى دوو دایە و گوتى:"سەرۆک بارزانى شانازى بە شەهیدانى کوردستان دەکا،ئەو شەهیدانەى توانیان چۆک بە دڕندەترین تۆڕى تیرۆریستى جیهان بێنن و ناویان بگاتە ئەوپەڕى دونیا، شەهید بوونیش پلەیەکى بەرزەو زۆربەمان ئاوات بەوە دەخوازین بەو پلە بەرزە بگەین.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن