هەولێر.. شانۆیی "لە مردن دەگەڕێنەوە" پێشان دەدرێت

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

لە شاری هەولێردا ئەمڕۆ سێشەم شانۆییەكی نوێ نمایش دەكرێت بەناوی "لە مردن گەڕایەوە" بە بەشداریی هونەرمەندانی ناسراوی هەولێر. دەرهێنەكەیشی دەڵێ ئەو بەرهەمە لە نووسینی ڤیكتۆر ئەڤیمیتۆیە و لە وەڕگێرانی كەمال سابیرە.

هونەرمەند هیوا سوعاد دەرهێنەری ئەو شانۆیییە بە"وشە"ی راگەیاند: ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی ئامادەكاریی شانۆیی "لە مردن گەڕایەوە"ین، ئەو بەرهەمە لە نووسینی ڤیكتۆر ئەڤیمیتۆیە و لە وەڕگێرانی كەمال سابیرە، هەریەك لەئەكتەران ئەیام ئەكرەم، لەیلا مەجیدی، رووپاك، كاروان، عەلی ئەحمەد و چەندان ئەكتەری تر بەشدارن تێیدا، ئەمڕۆ سێشەم دەست پێ دەكات و لە شەوانی ڕەمەزاندا بەردەوام دەبێت.

لەیلا مەجیدی خانمە ئەكتەری بەشداربوو بە"وشە"ی راگەیاند: ئەو شانۆییە لە دەرهێنان و دەسكاریكردنی هونەرمەند هیوا سوعادە، رۆڵی من تێیدا كچی بنەماڵە و خانەوادەیەكی زۆر مۆدێرنم و بەردەوام سەرقاڵی بەكارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایلم و دەسگیرانم هەیە، باوكم خۆی هەڵبژاردووە بۆ هەڵبژاردن و لەناكاو سواڵكەرێك لە خنكان رزگار دەكات، دواتر سواڵكەرەكە دەڵێت: یا دەبێت بمكەن بەسەرۆكی شارەوانی ئەو شارە یا دەبێت ئەو كچەم لێ مارە بكەن، ئەگەر وا نەكەن خۆم دەكوژم، بەگشتی شانۆییەكەمان كۆمێدی و سیاسی و كۆمەڵایەتییە.

ئەمڕۆ سەعات 9:30ی شەو نمایشەكانی ئەو شانۆییە لە شاری هەولێر لە هۆڵی میدیا دەست پێ دەكات، شەوانی ڕەمەزان هەموو شەوانی شەموو تا چوارشەم بەردەوام دەبێت.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن