ئه‌ده‌ب و كولتوور لە روانگەی (ئۆشۆ)وە لەلایەن حەمەسەعید حەسەن

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image
 
(1)

تاقە ئایینێک کە هەقە مرۆڤایەتی پێڕەوی بکات، خۆشەویستییە.

ئینسان شاکاری خوایە، ئەگەر ئینسانت خۆش نەوێت، خوایشت خۆش ناوێت.

بڕوات بە بۆچوونی جیاواز نەبێت، ئاخر تەنیا یەک بۆچوونی ڕاست هەیە کە خۆشەویستییە.

ئافرەت کە عاشق دەبێت، جوانیی لێ دەچۆڕێت، خەرمانەیەک دەورەی دەدات و 
ڕەوتی هەر لە سەمایەکی جوان و هێمن دەچێت.

ئەگەر دوو کەس یەکدییان خۆش ویست و خۆشەویستییەکەیان نەبوو بە هاوڕێیەتی، 
داهاتووی ئەو خۆشەویستییە گەش نابێت.

ئەگەر لەوە تێگەییشتین، خۆشەویستی تێکەڵبوونی دوو جەستە نییە، ئاوێزانبوونی دوو ڕۆحە، 
ئەوسا خۆشەویستی بەرەو باڵاییمان دەبات و فێرمان دەکات دونیا جوان ببینین.

بۆ ئەوەی بزانین خۆشەویستی چییە، هیچ چارمان نییە، ئیللا دەبێت عاشق ببین.
 
تا بە ئەزموونی خۆشەویستیدا ڕەت نەبین، نابین بە ئینسانێکی تەواو.

ئۆشۆ*

عەوام وەک خوداوەندی خۆشەویستی سەیری پیاوانی ئایین دەکەن، هەرچەندە زۆرینەی پیاوانی دین لەبەردەم ڕەوتی ڕووباری خۆشەویستیدا، بەربەستن. لەم دونیایەدا هیچ شتێک ژاراوی نییە، ئەوە پیاوانی خۆ بە پیرۆز زانن، شیلەی گوڵیان ژاراوی و ئینسانیان وەک دڕندە لێ کردووە. ئایین لە ڕابردوودا، هیچی جوانی پێشکەشی مرۆڤایەتی نەکردووە، لە داهاتوویشدا نایکات. دین وەک چۆن تا ئێستا هیچ خێر و خۆشییەکی بۆ ئینسان پێ نەبووە، لە ئایندەیشدا هیچ خزمەتێکی پێ ناکات. ئەگەر مل بۆ ئەم بۆچوونە نەدەین، ئەوا ئەگەر جاهیل نەبین، هۆشیارانە خەریکی بازرگانیکردنین بە ئۆلەوە.

ئەگەر تۆوێکمان چاند و بەرەکەی تاڵ و ژاراوی بوو، کەواتە هەڵە لە تۆوەکەدایە. ئینسانی ستەمکاری تژی لە ناکۆکی، زادەی بەری ئەو تۆوەیە، یان ڕاشکاوانەتر، پەروەردەی ئەو ئایینەیە کە بە دەستییەوە گیرۆدەیە. سەرنجی مەل و ئاژەڵ بدەن، چونکە دیلی دەستی دین نیین، چەند لە ئینسان دلۆڤانترن. ئینسانی جەنگەڵ کە وابەستەی هیچ ئۆلێک نەبوو، زۆر لە ئینسانی ئێستای شوێنکەوتووی ئایین، ئینسانیتربوو. تا ئینسان خۆی لە دەست دین قوتار نەکات، سەرچاوەی وشککردووی ئەوین نابووژێتەوە.

وەک چۆن لەناو هەموو گابەردێکدا پەیکەرێک هەیە، تەنیا پێویستی بە پەیکەرتاشێکە بیدۆزێتەوە، لەناو هەموو کەسێکی خراپیشدا، ئینسانێکی دلۆڤان هەیە، تەنیا پێویستی بەوە هەیە، خۆی لە زیندانی ئایین قوتار بکات. وەک چۆن پەیکەر دروست ناکرێت، لەنێو گابەردێکدا دەدۆزرێتەوە، لە ناخی هەموو ئینسانێکیشدا، خۆشەویستی هەیە، دەبێت ئازاد بکرێت. هیچ هێزێک ناتوانێک ئاگری خۆشەویستی خامۆش بکات، چونکە خۆشەویستی سرووشتی مرۆڤ پێک دەهێنێت. 

وەک چۆن ڕووبار گوێ بە بەربەستە سرووشتییەکان نادات، ڕێڕەوی خۆی دەبینێتەوە و دەگاتە زەریا، ئیللا مەگەر ئینسان لێی نەگەڕێت و بەهۆی بەربەستی دەستکردەوە، ڕێڕەوی بگۆڕێت، ئەو کۆسپانەیشی لەبەردەم ڕووباری خۆشەویستیدا قوت دەکرێنەوە، هەر ئینسان دایهێناون. ئەوە ئینسانە لێ ناگەڕێت، چەمی خۆشەویستی بە ئازادی ڕێ بکات و بگاتە زەریای بەرینی خوا. خۆشەویستی سیفەتێکی ڕەسەنی ئینسانە، ئەگەر کۆسپەکانی بەردەمی تەخت بکرێن، هەڵدەقوڵێت و بەرز دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەوپەڕی باڵایی، تا دەگاتە عەرشی بڵندی خوا.

گەورەترین کۆسپ لەبەردەم ئەوەدا کە خۆشەویستی لە دایک ببێت، ئەوەیە ڕێگری لە سێکس بکرێت. وەک چۆن لە وزە، کارەبا بەرهەم دێت، ئەوینیش بەرهەمی وزەی سێکسە. خۆشەویستی گوڵێکە لە تۆوی سێکسەوە پەیدا دەبێت، هەر وەک ئەڵماس، کە لە خەڵووزەوە پەیدا دەبێت. خەڵووز و ئەڵماس هەمان پێکهاتەیان هەیە، ئاخر ئەڵماس، خەڵووزێکی گەشەسەندووە. وەک چۆن تەنیا ئەوە خەڵووزە کە دەبێت بە ئەڵماس، ئەوە تەنیا وزەی سێکسیشە دەبێت بە خۆشەویستی. ئەوە بە گژداچوونەوە و سەرکوتکردن و چەپاندنی سێکسە، لێ ناگەڕێت خۆشەویستی بە دونیادا بڵاو ببێتەوە، لێ ناگەڕێت، خەڵووز ببێت بە ئەڵماس.

ئینسان بەرهەمی سێکسە، خوا بەهۆی وزەی سێکسەوە، ئینسانی خوڵقاندووە، ئەوە دینە، سێکسی لە عەقڵی ئینساندا پیس و ژاراوی کردووە. پێویستە سێکس بۆ بڵندترین وێستگەی پاکژی هەڵبکشێت، وەک چۆن خەڵووز، ئەڵماسە لە لووتکەی گەشەکردنیدا. ئەوە خۆشەویستی نییە کە دەبێت بە سێکس، ئەوە سێکسە کە خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت. با خۆمان لە گوتنی ڕاستییەکان لا نەدەین، لە دونیادا ئاژەڵێک نییە، هێندەی ئینسان تامەزرۆی سێکس بێت، هەر لەبەر ئەمەیشە، ئەوی لەبەر هۆکاری دینی، وزەی سێکسیی خۆی سەرکوت بکات، دەروون و ئاوەزی زیانی قورسیان پێ دەگات و دەبێتە جێی بەزەیی پێداهاتنەوە.

ئەوە دژایەتیکردنی ئایینە بۆ سێکس، وای کردووە، وەک نەخۆشی و وەک شتێکی ژاراوی سەیری سێکس بکرێت. کتێبە پیرۆزەکان وەک دەروازەی دۆزەخ و وەک کانیاوی گونا‌‌هـ سەرنجی ژن دەدەن، ئەوە بۆیە ژن، لە ڕوانگەی پیاوی گیرۆدەی دەستی ئایینەوە، وەک شەیتان سەیر دەکرێت. لە دونیای دیندا، ئەگەر ئینسان وێڕای خوا، کەسێکی تریشی خۆشویست، ئیدی شییاوی سۆزی خوا نییە و ئەگەر زوو خۆی لە داوی خۆشەویستی دەرباز نەکات، بەر نەفرەت دەکەوێت، بە مەرجێک ئەوی تۆوی خۆشەویستیی ئینسانی لە دڵدا نەبێت، قەت ناگاتە هەواری خۆشویستنی خوا.

 دونیا خێزانێکی گەورەیە، ئەگەر لە ماڵی هەر خێزانێکی بچووکدا، چرای خۆشەویستی بگڕێت، هەموو دونیا دەبێتە چراخان. یەکەمین وزەی سێکس کە بەردەوامیی بە ژیان داوە، زادەی ویستی خوای مەزن بووە، بۆیە گەر خوازیاریت ژیانت نوقمی خۆشەویستی بێت، واز لە دژایەتیکردنی سێکس بهێنە، بە خۆشییەوە پێشوازیی لێ بکە و ددان بەوەدا بنێ کە سێکس وزەیەکی پیرۆزە. 


16ی تەممووزی 2015
ستۆکهۆڵم

(*) أوشو، من الجنس إلی أعلی مراحل الوعی، نقلە إلی العربیە: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد ٢٠١١ دمشق.
(**) ئۆشۆ (1931 – 1990) سۆفییەکی هیندی، فەیلەسووفێکی جیهانی، ئوستادی خۆشەویستی، مامۆستای ڕۆحی، بانگخوازێکی گەڕۆکی چالاک، ڕووەکی، دژە زەبروزەنگ و خاوەنی سەدان بەرهەمی فیکری و فەلسەفی.
  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن